برایم فەڕشی

بە دەنگی زەنگی دەرگا لە خەو ڕاچەنی. لەشی گرمۆڵەکراوی لە ناو کاناپە سوواوەکە دەرکێشا، بە چەند هەنگاو خۆی گەیاندە کۆنە تەلەوزیۆنی سەردەمی شەڕی دووهەم و کوژاندییەوە. دەنگی زەنگ بەردەوام دەبیسترا، ئەو بە کاوەخۆ بەرەو دەرگای ئاپارتمان چوو. پەکوو، ئەوەی گوت و هاتە ژوور! لە ژووری خەو چانتاڕەشی ڕووسی لە سەر دۆڵاب کێشایە خوارەوە و باقەیەک پەڕەکاغەزی بەروپشت نووسراوی پڕ لە تەپ و تۆز، بڵاو بوونەوە. لە ناو دۆڵابەکە هەرچی بە دەستییەوە هات، تەپاندییە ناو چانتاکە و بە تەوسەوە پێیگوت لە کۆڵت کەم یان بە لاقی خۆت دێی؟ وڵامی داوە، گەر هەڵمنەدێری، سوارییەکەم پێخۆشترە!
لە ناو تاکسی وێستاوی بەردەرگای ماڵەکە، خۆی ترینجاندە کورسی تەنیشت پەنجەرە و چاوەکانی لە سەر یەک دانا. لە فرۆکەخانە دابەزین، ئەم لە پێشەوە هەنگاوی بە پەلەی دەنا و ئەویش بە هەناسەبڕکێ وەدوای کەوتبوو! لە ناو فرۆکە لە تەنیشت پەنجەرە دانیشت، خۆی بۆ گرمۆڵە نەکرا، سەیری هەورەکانی دەکرد، هەموو جارێ دەیگوت" بەسەر هەوراندا پیاسەی دەکەم"، دیاربوو لاسایی کەسێک دەکاتەوە. کاتی خۆ گرمۆڵە کردن دەستەکانی دەخستە ناو کۆشی، عادەتی وابوو، ئێستا بۆی نەدەکرا، وەڕەز بوو لە ناکاو گوتی، تێح، جاوەرە دەستەکانی خۆشت لێ ببێتە بەڵا! بەڵا دوور، دوگمەی شاڵوارەکەتی پێداخا با ...! خێرا دوگمەی شاڵوارەکەی داخست، مۆڕەیەکی لەو کرد و گوتی، کراواتەکەی خۆت زۆر تەواوە؟ هی من تەواو نییە، هی تۆ هەر نییە. بەپەلە دەستی بۆ ملی خۆی برد! دەی پەلەت لێنەکردبام! پەلەم نەکردبا، ئێوارەش ڕانەدەبووی!
لە دەرەوەی فڕۆکەخانە پیلی گرت و گوتی، وەک جاشەکەری حەمەدئاغا، وەشوێن خۆتت داوم،پێم بڵێ ئەم کاولبووە کوێیە؟ بە پێکەنینەوە وڵامی داوە ( اینجا تیرانا، صدای آلبانی). لێی دوور کەوتەوە و خۆی گەیاندە کورسی قەراخ شەقامەکە، ئارەق بە لاچاویدا دەهاتە خوارێ، گیرفانەکانی پشکنی، دەسرەی نەدیتەوە، سەیرێکی کۆتەکەی کرد، دەک بەزیادم نەکرد، خۆ ئەوە کورتانەکەی سێرگەی مالۆفە! خەمت نەبێ،کە گەیشتینە بەغدا کۆتێکی جوانت بۆ دەکڕم، ئەوشەویش میوانی خۆمی لە شاری پەریزادەکان!
لە دوورڕا پۆلێک ژن بە ڕاستەڕێیەکەدا دەهاتن، کە گەیشتنە ئەوان، یەک لە ژنەکان گوتی Pershendetje Gjysh ، سڵاو باوەگەورە. ژنەکان کورتەباڵا، گیپن، قەڵەو و جلوبەرگی بۆری وەک یەکیان لەبەردابوو،هەرکام وەک ژنە عەجەمان لەچکەیان لە سەریان قایم کردبوو، چەند کەسێک چەکمەی مل درێژ و ئەوانی تر کەوشی ئەستوری کارخانەیان لە پێدا بوو. ئەو کە بەدەگمەن تووڕە دەبوو، هەڵچوو و بە تەوسەوە پێیگوت، دیپلۆمات بەو خیگە ورچانە دەڵێی پەریزاد؟ توڕە مەبە بابەگەورە، ئەوانە لە پەریزادەکانی سۆفیا نازدارترن! ڕاستە،ڕاستە دەبێ دەستەخوشکی بابوشکاکانی Ба́бушка پراگ بن.
خۆیان گەیاندە هۆتێل، لە سوچێکی ناو ڕێستۆران، لە ناو چەڕەدووکەڵ، دەنگی قاقاوپێکەنیین دەهات، یەک لەوان لە کاتی هەڵهێنانی پەیکەکەی، چاوی بە دیپلۆمات و نووسەر کەوت، هەستا سەر پێ، پەیکەکەی بەرز کردەوە و گوتی بە سڵامەتی خۆم و خۆتان و ئەم دوو میوانە، هەموو دایان لە قاقای پێکەنیین. دیپلۆمات بە پەلە خۆی گەیاندێ و پێیگوت، هۆزان خۆ ئێرە چوارباخ نییە! هۆزان وەک خووی هەمیشەی خۆی سەری دیپلۆماتی گرتە ناو دوو دەستی و تەپڵی سەری ماچ کرد و شتێکی بە گوێیدا چرپاند و هەرکیان دایان لە پڕمەی پێکەنیین. نووسەر لە کاتی دانیشتن بە پێکەنینەوە گوتی، هەم چوارباخە و هەم قەراخ بەند! هۆزان بەهەمان شێوە تەپڵی سەری ئەویشی ماچ کرد و گوتی، حەیاتەکەم، هەم چوارباخ و بند و هەم باخی میراوایە. ئێمە وڵات بە کۆڵ دەگێڕیین، چ بگا بە شار وگوند و باخ! بێدەنگ لە شوێنی خۆی دانیشتەوە.
سەعات حەوتی ئێوارە لە ژوورێکی هوتیل، کۆبوونەوەی سێزدە کەس بە قسەکانی دیپلۆمات دەستی پێکرد:" دەور گۆڕاوە، گۆڕانکاری لە پێشە، دەبێ بە خێرایی بگەڕێینەوە، لێرەوە دەچینە دمێشق و لەوێشەوە بۆ بەغدا. جارێ هیچی تر ناتوانم بڵێم"! ئەوشەوە، هیوای گەڕانەوە ئەوانی لە دەوری یەک کۆکردبووە.
نووسەر ناسنامەی بە جێ هێشتبوو، هۆزان لە حکوومەتی عێراق قاچاخ بوو، ئەوان بە جێ مان.هیچیان نەگەیشتنەوە چوارباخ وبەند و باخی میراوا.هۆزان لە هەندەران سەری نایەوە، دیپلۆمات تیرۆر کرا، نووسەر کوژرا. ئەو وتەیە وێردی سەرزمانی هۆزان بوو " دەمکوژێ و پرسەم بۆ دەگێڕێ". ئەو نەیدەزانی وتەکەی دەبێتە زمانحالی نووسەر. کوشتیان و خەڵاتیان* بەناوەوە کرد!
برایم فەڕشی
* خەڵات
دابەخشکەران بانگەوازیان کردبوو کە چیرۆک نابێ لە ٦٠٠ وشە زۆرتر بێ. ئەم چیرۆکەش هەرئەوەندەیە!
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر