۸.۷.۹۱

!!ئه‌و کاته‌ی «خان» بریاری کوشتنی خۆی ده‌رده‌کات


       : Jorge Bucay
بە کوردیکردنی لە زمانی ئاڵمانییەوە: برایم فەڕشی

لە وڵاتێکی دوور ،خانێک دەژیا، دەستەڵات و زوڵم و زۆری بێ بڕانەوە بوو، قسە و ئەمری ئەو قانوون بوو، کە لە هەموو دەوەرەکە جێ بەجێ دەکرا. تەنانەت لە خەڵک یاساخ کرابوو، ناوی بهێنن. بەردەست ومووچەخۆرەکانی بە هەموو...
چەشنێک خەڵکیان دەچەوساندەوە. کاربەدەستان باجی گەورە وگەرانیان لە خەڵک دەستاند ودەیانڕووتاندەوە، ئەو پارەیەی کە لە ڕێگای فرۆشتنی دەغڵ ودان و شەراب و کارگەلی دەستییەوە پەیدایان دەکرد، غارەت دەکرا.

Nolav
ی دەستەڵاتدار سپایەکی گەورەی وەسەر یەک نابوو، هەڵبژاردەیەک لە ئەفسەرانی لاو، ئەرکی پاراستنی ئەویان لە ئەستۆ بوو. هەرچەشنە ڕاپەڕین و دژایەتییەک به‌ خوێن سوور ده‌کرا و تێکدەشکێندرا.
ئەوەندی نۆلاڤ چەپەڵ و خراپ بوو، کەشیشی گوندەکە مرۆڤێکی خواویست و پیاو خاس بوو که‌ ژیانی لە پیناو خزمەت بە خەڵکا دەبردە سەر و زانیارییەکانی خۆی بەوان دەبەخشی. لە ماڵەکەی خۆیدا پازدە هەتا بیست لاوی به‌خێو ده‌کرد و ده‌رسی داده‌دان. ئوستاد هەرچی گوتبا دەیانقواستەوە و لاسایی هەڵس و کەوتی ئەویان دەکردەوە.
ڕۆژێک دوای نوێژی بەیانی تەلەبەکانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و پێیانی گووت:" کوڕەکانم، ئێمە دەبێ بە هانای گوندەکەی خۆمانەوە بچین. لە ڕاستیدا دەبێ هەر کەس بۆ وەدەستهێنانی ئازادی خۆی تێبکۆشێ، بەڵام خان ئەو باوەڕەی لای خەڵکا پێکهێناوە، کە ئەو زۆر بەهێزه‌ و خەڵک ناتوانن به‌ سه‌ریدا زاڵ بن. ترسی خەڵک لە نۆلاڤ لە پەرەسەندندایە و ئەگەر کارێک نەکەین هەموو وه‌ک کۆیله‌ دەمرین."
شاگردەکانی به‌ تێکڕای ده‌نگ له‌ وه‌ڵامدا گوتیان، ئێمه‌ هه‌رچی تۆ بلێی واده‌که‌ین.
"
تەنانەت ئەگەر بە قیمەتی لە دەستدانی گیانتان تەواو بێت؟؟ ئوستاد لێیانی پرسی.
"
ژیان چ بایخێکی هەیە، ئەگەر مرۆڤ نەتوانێ یارمەتی براکانی خۆی بدات؟" کەسێک لە شاگردەکان بە نوێنەرایەتی ئه‌وانی دی وڵامی دایەوە.

ڕۆژی پێنجه‌م له‌ مانگی سێ که‌ ڕۆژی له‌ دایکبوونی نۆلاڤ بوو گه‌یشت، ئه‌وه‌ تەنیا ڕۆژ لە تەواوی ساڵ بوو، کە خان به‌ ناو دێدا ده‌گه‌ڕا. نۆلاڤ لە کاتێکدا پیاوانی چه‌کدار ده‌وره‌یان دابوو بە کەژاوەی زێڕینەوە کاتی بەیانی قسره‌که‌ی به‌ره‌و ناو گوند به‌جێ هێشت.

لە گوندەکەدا بانگەوازی ئەوە کرابوو، لە کاتی تێپەڕبوونی کەژاوەی خاندا، نابێ که‌س سه‌ری هه‌ڵبڕێ و هه‌موو ده‌بێ کڕنۆشی بۆ به‌رن.
هێشتا کەژاوە چەند کۆڵان لە قەسر دوور نەکەوتبووە،دوور له‌ چاوه‌ڕوانی هه‌مووان، که‌سێک به‌ پێوه‌ له‌ به‌ر ده‌رکی ماڵێک ڕاوه‌ستابوو. قه‌ڕاوڵه‌کان به‌ دیتنی کابرا یه‌کسه‌ر ڕایانکردێ و ڕاکێشی به‌ر ده‌م خانیان کرد. خان ڕووی تێکرد و لێی پرسی:"مه‌گه‌ر تۆ نازانێ ده‌بێ کڕنۆش به‌ری؟"
"
به‌ڵێ ده‌زانم، خاوەن شکۆ"
"
بەڵام تۆ ئه‌و کاره‌ت نه‌کرد"
"
نەخیر، من ئەو کارەم نەکرد"
"
تۆ دەزانی من ده‌توانم بۆ ئه‌و سه‌رپێچی کردنه‌‌، سزای مه‌رگت به‌سه‌ردا بسه‌پێنم‌؟"
"
هیوادارم ئه‌مری وا بفه‌رموون،خاوەن شکۆ"
نۆلاڤ چاوەڕوانی ئه‌و وڵامه‌ی نەدەکرد، بەڵام وەڕووی خۆی نەهێنا.
"
زۆر باشە. ئێستا کە تۆ دەتەوێ بەم شێوەیە بمرێ، بەرەبەیان جەلاد سەرت لە لەشت جیا دەکاتەوە"
"
زۆر سپاس، بەڕێز"، به‌دەم پێکەنینه‌وه‌ دووقه‌د لە بەرانبەریدا نووشتایه‌وه‌.
هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا له‌ پڕ له‌ ناو خه‌ڵکه‌که‌ که‌سێک ده‌نگی هه‌ڵبڕی:" گەورەم، گەورەم، تکایە ئەمر فەرموون قسەیەکم هه‌یه‌" خان گوتی " لێ گه‌ڕێن با قسه‌که‌ی بکات"
"
گەورەم، تکایە ئیزن بدەن، من لە جیاتی ئه‌و که‌سه‌ بکوژن"
"
تۆ دەتەوێ لە جیاتی ئەو سەری خۆت به‌ فه‌ته‌ڕات بده‌ی؟"
"
بەڵێ گەورەم.تکاتان لێده‌که‌م، ئیزن بده‌ن! من هەموو کات وەفادار بە ئه‌مر و فه‌رمانی جەنابتان بووم، تکایە ئەو داوایەم بەجێ بێنن."
خان واقی وڕمابوو، رووی کردە لاوە حکووم دراوەکەو پرسی:" ئەوە خزم و کەسی تۆیە؟"
"
من ئەو کەسەم لە ژیانم دا نەبینیوە و نایناسم. ئیزنی مەدەن لە جیاتی من بکوژرێ.من هه‌ڵه‌م کرده‌وه‌ و له‌ بری ئه‌وه‌ ده‌بێ سه‌ری من لێدرێ، نه‌ هی ئه‌و."
"
نەخێر خاوەن شکۆ، دەبێ هی من لێدرێ"
"
نەخیر هی من"
"
نەخیڕ، هی من"
"
بیببڕنه‌وه‌! زۆر باشه‌، داوای هەرکتان به‌جێ دێنم. سەری هەرکتان لێده‌درێ.
"
سپاس، خاوەن شکۆ، بەڵام لە بەر ئەوەی من لە پێش ئەودا حکووم دراوم، ئیزن بفەرموون له‌پێشدا سه‌ری من لێبدرێ"
"
نەخێر، گەورەم. ئەو ئیمتیازە وەبەر من دەکەوێ، لە بەر ئەوەی من لە ژیانمدا له‌ ئه‌مری خاوه‌ن شکۆ لام نه‌داوه‌ و سه‌رپێچیم نه‌کردووه‌."
"
وست بن ئه‌وه‌ چ باسه‌؟ ئەمر دەکەم هاوکات سه‌ری هه‌ردووکتان بپه‌ڕێنن. بێگوومان له‌م جیهانه‌دا زیاد له‌ یه‌ک جه‌لاد ده‌ست ده‌که‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی هاوکات سه‌ری هه‌رکتان لێبدرێ." هه‌ر قسه‌که‌ی ته‌واو بوو له‌ ناکاو که‌سێک له‌ ناو خه‌ڵکه‌که‌وه‌ گوتی: " کەوایە، گەورەم منیش دەمەوێ ناوم بخرێتە ناو ئەو لیستەوە"
یەکی تر"منیش گەورەم"
"
منیش"
جگه‌ له‌ خان، له‌و وه‌زعه‌دا خواش سه‌ری لێده‌شێوا.
خانی سته‌مکار تێنەدەگەیشت چ باسە. سه‌ری لێ ئاڵۆز ببوو. پێنج گه‌نجی ساخ و سەلیم داوایان لەو دەکرد سەریان لە لەشیان جیاکاته‌وه‌، ئەمە بۆ ئه‌و جێگای باوەڕکردن نەبوو، هه‌ربۆیه‌ چاوەکانی لە سەر یەک دانا بۆ ئەوەی بیر له‌و پێشهاته‌ بکاته‌وه‌. ئەو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لای ژێرده‌سته‌کانی نه‌شکێته‌وه‌ و ئه‌وان پێیان وانه‌بێ ئه‌و ڕووداوه‌ کاری تێکردووه‌، به‌و بڕیاره‌ گه‌یشت که‌ پێنج جه‌لاد بۆ جێ به‌جێکردنی فه‌رمانه‌که‌ دیاری بکات. بەڵام کاتێک چاوەکانی هەڵهێنا سەیری کرد نە پێنج بەڵکوو بوون به‌ دە کەس و په‌یتا په‌یتا ژماره‌یان زیاد ده‌کات. که‌ ئه‌وه‌ی بینی ته‌واو شڵه‌ژا و زانی جێبه‌جێکردنی ئه‌و کاره‌ له‌ توانای ده‌سته‌ڵاتی ئه‌ودا نییه‌، هەر بۆیە یەک بە خۆی نەڕاندی:" جێ بەجێکردنی حکوومەکان وەدوا دەخرێ هەتا ئەوەی دیار بکرێ کێ که‌نگێ بکوژرێ."
که‌ژاوه‌ی خان له‌ ناو بەربەرەکانی و پێداگری لاوه‌کان بۆ جێ به‌جێکردنی فه‌رمان، گه‌یشته‌وه‌ قه‌سر، نۆلاف ده‌ستبه‌جێ خۆی به‌ ژووره‌که‌ی خۆی داکرد بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌یه‌ک بۆ ئه‌و ڕووداوه‌ بدۆزێته‌وه‌، لە ناکاو فکرێکی بە مێشک داهات و به‌ په‌له‌ ناردی بە دوای کەشیش دا. ئەو دەبێ ئاگاداری ئەو هەڵا وهەنگامەیه‌ بێ.هه‌ر زۆر زوو پیرەپیاویان هێنا، خان ڕووی تێکرد و پرسی: " بۆچی خاڵک لە ناو گوند داوا دەکەن سەریان لە لەشیان جیابکرێتەوە؟"
پیرەپیاو وڵامی نەداوە."وڵام بدەوە"،" من ئەمرت پێده‌که‌م "وڵام بدەوە"، باش‌ بزانه‌ ئه‌گه‌ر وڵام نه‌ده‌یه‌وه به‌ زه‌بری که‌ره‌سه‌کانی ئه‌شکه‌نجه‌ زمانت ده‌که‌مه‌وه."
 پیره‌پیاو هه‌رچیان کرد ده‌نگی لێوه‌ نه‌هات. خان که‌ وای دیت، ڕه‌وانه‌ی ئەشکەنجەخانه‌ی کرد و بردیان ژێر ئه‌شکه‌نجه‌وه‌
 
له‌و ڕێگایه‌شه‌وه‌ چیان بۆ نه‌کرا، هه‌ر بۆیه‌ خان قه‌راوڵه‌کانی نارد به‌ شوین شاگرده‌کانیدا.کە شاگردەکان گەیشتن، لەشی شپڕێو و ئەشکەنجەکراوی ئوستادەکەیان به‌رچاو که‌وت و خان لێیانی پرسی: " بە چ هۆیەک ئەو پیاوانە داوایان دەکرد، بمرن؟" کەشیشی پیر بە لەشێکی نزار و دەنگێکی نزمەوە ڕووی کردە شاگردەکانی و گوتی" ئیزنتان نییە قسە بکەن"
خان دەیزانی بە هەڕەشەی مردن ناتوانێ ئەو لاوانە وەدەنگ بێنێ، هەر بۆیە گوتی:" من گەرەکەمە خرابترین بەڵا بە سەر ئوستادەکەتان بێنم کە تا ئەمڕۆ کەس لە دنیادا نەیدیتبێ، ئێوەش دەبێ لە نزیکەوە چاوتان پێیبکەوێ. نهێنێیەکانی ئەوم لا بدرکێنن، پاشان هەومووتان دەتوانن بڕۆن".
"
باشە"، یەک لە شاگردەکان وڵامی داوە.
"
بێدەنگ بە"، پیرەپیاو بە شاگردەکەی کوت.
نۆلاڤ گوتی:" بڵێ بزانم"
"
ئەگەر ئەمڕۆ کەسێک بکوژرێ..." شاگردەکە ئاوا دەستی پێکرد
پیرە پیاو قسەکەی بڕێ"بێدەنگ بە، ئەتۆ لەعنەت ده‌کرێی، ئەگەر بایخی نهێنییەکان ڕانەگری."
خان ئیشاڕەی دا و پیرەپیاو وەبەر قامچی ئەشکەنجەگەران که‌وت و هەر بەوەش لە هۆش چوو.
خان:" درێژە بە قسەکانت بدە"
"
یەکەم کەس کە ئەمڕۆ نزیک خۆرئاوا بکوژرێ، بۆ هەمیشە ژیانی هەتاهەتایی پێدەبەخشرێ و نامرێ"
نۆلاڤ،"ژیانی هەتا هەتایی؟ تۆ درۆ دەکەی!
"
ئەوە به‌نووسراوە هه‌یه‌" لاوەکە گورج ده‌ست به‌ گیرفانی داده‌کات و کتێبێک دەرده‌هێنێ و ئه‌و به‌شه‌ی ده‌خوێنێته‌وه‌.
"
ژیانی هەتاهەتایی!" خان بیر له‌ ژیانی هه‌تاهه‌تای ده‌کاته‌وه‌، مه‌رگ ته‌نیا شتێک بوو که‌ ترسی ده‌خسته‌ دڵی خانی سته‌مکاره‌وه‌. ئەوە دەرفەتێکی باش بوو که‌ بتوانێ به‌ سه‌ر مه‌رگدا زاڵ بێت و "ژیانی هەتاهەتایی" بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات. بێ ئەوەی لێی ڕاوەستێ، داوای کاغەز و جەوهەری کرد و بڕیاری سه‌ر لێدانی خۆی ئیمزا کرد و داوای کرد به‌ په‌له‌ فه‌رمانه‌که‌ی جێبه‌جێ بکرێ. فەرمانه‌که‌ به‌ په‌له‌ به‌ هه‌موو ده‌ربار ڕاده‌گه‌ێندرا و به‌ر له‌ ڕۆژئاوا بوون له‌ ڕێ وڕه‌سمێکدا سه‌ری خان له‌ له‌شی جیاکرایه‌وه‌ و خه‌ڵک له‌ ده‌ستی ڕزگاریان بوو.


تێبینی: گەرەکم بوو ئەم چیرۆکە بە زمانی فارسی هەڵگەڕێنمەوە، کە لام وایە بۆ ئەوان پێویستترە. سه‌ڕه‌ڕای به‌ فارسی کردنی به‌شێکی وازم لێهێنا و گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌ر کوردییه‌که‌ی. هۆیه‌که‌شی کێ به‌رکێ هه‌ر دوو زمانه‌که‌ له‌ ناو مێشکمدا بوو. بەشکم کەسێکی دی ئه‌و کاره‌ بکات و نوسخه‌ی فارسییه‌که‌ی بگات ده‌ست مه‌لاکانی که‌لاره‌له‌سه‌ر و بێ که‌لاره‌ی ده‌سته‌ڵاتدار له‌ تاران و قوم.

هیچ نظری موجود نیست: