۱۱.۳.۹۰

!پەنجەرەکان بخەنە سەر گازی پشت




 

برایم فەڕشی
پێشکەش بە جەلال مەلکشا، سوراە ئیلخانی زادە
پەنجەرەکانی ئەو ماڵە
ئەو شارە
ئەو وڵاتە
بخەنە سەر گازی پشت،
لێگەڕێن
ژنە ڕووت و قووتەکان

پیاوە بێ دەرپێکان
دەرکەون

لێگەڕین
سرت وخورتەکان
نهینیە نگریسەکان
دەرکەون.

پەنجەرەکانی ئەو ماڵە
 ئەو شارە
ئەو وڵاتە
بخەنە سەر گازی پشت،

لێگەڕین
تالاری تاریکی
دەر و ژووری
 رووناکبیران
دەرکەوێ

با سەر و بن و
پاش و پێشیان
هەر هەمووی
دەرکەوێ.

پەنجەرەکان بخەنە سەر گازی پشت
با سیاسەتمەداری
پووچەڵ
شاعیری نکبەت
نووسەری دڵڕەش
دووکانداری
بێ ئابڕووی
بیروهزر و
دەنگ و ڕەنگ و
 سیاسەت
گشتی
دەرکەوێ.

پەنجەرەکان بخەنە سەر گازی پشت
با کەس لەو وڵاتە
دیواری نەبێ بۆ خۆشاردنەوە
قوژبنی نەبێ بۆ بیر کردنەوە
بیری قڕژ
هزری تاریک

لێگەڕێن
با کەس شوێنی نەبێ
بۆ کردەوەی
چەپەڵ.

پەنجەرەکان بخەنە سەر گازی پشت
با ببیسترێ
دەنگی گڕ

ببیندرێ
جلوەی دزێو

دەرکەوێ
جولەی مەرگ

با ڕوو کرێ
زمانی درۆ
چاوی حیز
دەمی تاڵ
و سەری گەنیو.

پەنجەرەکان بخەنە سەر گازی پشت
بۆنی گەنیوی
ناو ئەو ماڵە
ئەو شارە
ئەو وڵاتە
خنکاندمی!

پەنجەرەکان بخەنە سەر گازی پشت
با هەواێکی تازە
ناوماڵی
ئەو ماڵە
ئەو شارە
ئەو وڵاتە
بە ماڵەکەی خۆمەوە
بشوواتەوە.

بەرەبەیانی ١.٦.٢٠١١ کٶلن



هیچ نظری موجود نیست: