گۆڤاری ئیشپیگێل ده‌ڵێت سه‌رۆك كۆماری ئێستای ئێران ئه‌حمه‌دی نژاد كه‌سی سێهه‌می ئه‌و تیمه بوو كه 19 ساڵ له‌مه‌و پێش دكتۆر قاسملویان تێرۆر كرد.
گۆڤاری ئیشپیگێل كه له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا بڵاو ده‌بێته‌وه له‌راپۆرتێكی نوێیدا كه له‌سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری رابردودا بڵاو بۆته‌وه باس له‌رۆڵی سه‌رۆككۆماری ئێستای ئێران مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نژاد ده‌كات له‌تیرۆری سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌دا.
به‌گوێره‌ی پێگه‌ی ئه‌نته‌رنێتی په‌یك نێت، گۆڤاری ئاماژه‌پێكراو له‌سه‌ره‌تای راپۆرته‌كه‌یدا وێڕای ئاماژه‌دان به‌ئاشكرانه‌بوونی ورده‌كارییه‌كانی تیرۆری رێبه‌رانی حزبی دیموكراتی كوردستان له‌ڤییه‌ننا باس له‌ئه‌ندامانی تیمی تیرۆری ڤییه‌ننا ده‌كات و ده‌نوسێت ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی گرووپی تیرۆری 12ی پوشپه‌ڕی 1368ه له‌ڤیه‌ننای پایته‌ختی ئوتریش.
گۆڤاره‌كه به‌مجۆره به‌رده‌وام ده‌بێت؛ ئه‌و رێبه‌رانه‌ی كورد له‌كاتێكدا تیرۆر كران كه سه‌رقاڵی وتوێژ بوون له‌گه‌ڵ سێ كه‌س له‌نێردراوانی كۆماری ئیسلامی. ئه‌م وتوێژانه به‌پێشنیاری كاربه‌ده‌ستانی باڵای كۆماری ئیسلامی و په‌یوه‌ندیدار بوو به‌خودموختاری كوردستانه‌وه.
شاهیدی ئه‌مجاره چ به‌ڵگه‌یه‌ك ئاشكرا ده‌كات؟
ئه‌م گۆڤاره له‌راپۆرته‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ئه‌ندامانی تیمی تیرۆره‌كه ده‌نوسێ؛ 19 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م تیرۆره‌دا تێده‌په‌ڕێ، له‌رابردودا ئیرانییه‌ك رایگه‌یاندبو كه‌ئه‌و شاهیدی ئه‌م تیرۆره بوه. هه‌ر ئه‌و كه‌سه ده‌ڵێت كه ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد وه‌ك چاو‌دێر له‌م تیرۆره‌دا ده‌ستی هه‌بوه. ناوبراو وتبوی گروپێك له‌مه‌ئمورانی رژێمی تاران له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی كورد ده‌كه‌ونه وتووێژ‌ه‌وه و گروپی دوهه‌م كه دوو كه‌س ده‌بن ده‌چنه شوێنی وتوێژه‌كه‌و رێبه‌رانی كورد به‌ر ده‌سترێژی گولله ده‌ده‌ن و كه‌سی سێهه‌می ئه‌و گروپه ئه‌حمه‌دی نژاد ده‌بێ كه له‌ده‌ره‌ی شوێنی وتوێژه‌كه چاودێری بارودۆخه‌كه ده‌كات.
كاتژمێر 30؛7 ده‌نگی ته‌قه بیسترا. دوابه‌دوای هاتنی هێزه‌كانی پۆلیس، هه‌ر سێ كورده‌كه گیانیان له‌ده‌ستدابوو. ئه‌و چه‌كه‌ی تیرۆره‌كه‌ی پێ ئه‌نجامدرا سێ رۆژ دواتر له‌ناو زپڵدا دۆزرایه‌وه كه چه‌ند فیشه‌كی تێدا مابوو و ئه‌م فیشه‌كانه‌ش هه‌ر له‌وانه ده‌چوو كه له‌تیرۆری كورده‌كاندا كه‌ڵكی لێ وه‌رگیرابو.
ئایا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد تیرۆریسته؟ ئه‌م شاهیده‌ی كه باسی لێوه‌كرا رۆژنامه‌نوسێكی ئێرانییه كه‌ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ل ئۆرگانه‌كانی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران هاوكاری هه‌بوه و له‌فه‌ره‌نسا داوای په‌نابه‌ری كردوه‌و له‌ترسی گیانی له‌ماڵی یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماری ئێران ''ئه‌بولحه‌سه‌ن به‌نی'' سه‌دردا خۆی حه‌شاردا. ئه‌م شاهیده به ''شاهید د'' به‌ناوبانگه.
ئه‌م گۆڤاره ئه‌ڵمانییه له‌كۆتایی راپۆرته‌كه‌یدا ده‌نوسێ كه‌ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد كابرایه‌كی تیرۆریسته و ئاشكرای ده‌كات كه ئێستا شاهیدێكی دیكه‌ش په‌یدا بووه كه بانگه‌شه ده‌كات له‌رۆژی تیرۆری دكتور قاسملو و یاوه‌رانیدا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ڤییه‌ننا بووه.
گۆڤاره‌كه ئاماژه به‌تایبه‌تمه‌ندی و شوێنی مانه‌وه‌ی ئه‌م شاهیده نوێیه ناكات، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ئاشكرا ناكات كه چ زانیارییه‌كی له‌مباره‌وه داوه به‌پۆلیسی ئوتریش یاخود ئه‌ڵمانیا.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر