پیشانگای ناونەتەوەیی کتێب، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی مانگی ئۆکتۆبر، بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ وڵات، ٧٣٠٠ وەشانخانە و دەزگای بڵاوکردنەوە و شیرکەت و یانەی کتێب و مێدیای نوێ، لە شاری فرانکفۆرت لە قەراخ رۆباری ماین لە ئاڵمان کرایەوە.
دەنگ و باس و هەواڵ و فیلمی سەبارەت بە کتێب و ئەم پیشانگایە، لە لایەن دەهەزار (١٠٠٠٠) ژورنالیستی ڕادیۆ و تەلەوزیۆنەکان و ڕۆژنامە و مێدیای ئەلکترۆنیک، بە دەیان زمان ڕۆژانە بڵاو دەکرێتەوە.
دەیان سمینار و گفتگۆ لە سەر بابەتی هەمە ڕەنگی ئەدەبی، هونەری، سیاسی، فەلسەفی، پێداگۆگی، تەکنیک، سەنعەت، ئابووری، سروشت، حەیوانات و جیهانی مەجازی، ڕۆژانە لە هۆڵەکانی پیشانگا بەڕێوە دەچێ. هەزاران هونەرمەند، نووسەر، فەیلەسووف، بیرمەند باس لە تەنگەژە و گیروگرفتی سەردەم و ئینسان و کۆمەڵگا و داهاتوو دەکەن.
لە ماوەی ٥ ڕۆژدا، زیاتر لە سێسەد هەزار(٣٠٠٠٠) کەس بە پێی بەراوەرد، هاونەفەس و بەشداری ئەم ڕووداوە دەبن. لە هۆڵەکانی ناو پیشانگا و دەرو و ژوور، مرۆڤ گوێبیستی هەموو زمانەکانی خەڵکانی سەر گۆی ئەم زەویە دەبێ و ئینسانی هەمەڕەنگ و هەمە جۆر و هەمە چەشن دەبێنێ، کە ڕواڵەت و جل و بەرگیان تەژی لە ڕەنگەکان و هەست و نەست و بیروفکرە.
لەم پێنج ڕۆژەدا کەس تەقە لە کەس ناکا، کەس گوێ و لوتی کەس نابڕێ، کەس کەس تاوانبار ناکا و پشتی کەس وەبەر قامچی و خەرەزەن ناکەوێ، کەس بۆمب ناتەقێنێتەوە، کەس چارشێو بە سەر کەسدا ناکێشێ و کەس بە کەس ناڵێ مولحید و کافر و کەسیش سەری کەس نابڕێ و کەسێش بە فرۆکە خۆی ناکێشێ بە بورجی قەڵەم ئاسای پیشانگا، کە باڵای لە باڵای هەموو کلیسا و منارەی مزگەوتەکان بەرزترە.
تەنانەت فاشیست و ڕەگەزپەرەستەکان باس لە دیالۆگ و دانووستاندن دەکەن. پێنج ڕۆژ سێسەد هەزار کەس لە جەنگەڵی ناو ئەو جیهانە دادەبڕێن و هەموو عاقڵ عاقڵ لە گەڵ یەک دانووستاندن دەکەن. لێرە کتێب ناسووتێندرێ و زمانی نابڕدڕێ و کەسیش جامی شۆکەران هەڵناقوڕێنێ و کەسیش ڕەوانەی مەنجەنیق و تاریکخانە و ژێرخانی کلیساکان ناکرێ و کەسیش زیندەبەچاڵ ناکرێ، لێرە گیووتین لە گۆڕێ دانییە و مولحید و موئمین و بێ بەری لە هەموو شت، گوێ و چاویان کراوە و زمانیان رەها و سەربەستە.
چەند ساڵێکە کورد بەشداری ئەم کۆنگرە جیهانییە دەکا، ١٥ ساڵ لەوە پێش تاکە کەس هەنگاویان بۆ بەشداری لە پیشانگای کتێبی فرانکۆرت هەڵهێنایەوە، دواتر حزب و کەسانی سەربەخۆی باکوور، تێکەڵ بە پیشانگا بوون و دوای ئەوان بە هیمەتی فەتاح زاخۆیی و کەسانی دی وەزارەتی ڕۆشنبیری سولەیمانی، بەشدار بوو. ئەوە چەند ساڵە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەولێریش تێکەڵ بە پیشانگای کتێبی فرانکفۆرت بووە.
ئەمساڵ وەشانخانەی مێزۆپۆتامیا، گرووپی هیوا لە شاری فرانکفۆرت کە ڕادیۆی FM کوردی بەڕێوە دەبەن لە سەر ئەرکی مادی و چالاکی خۆیان، هەفتەنامەی ڕووداو کە لە شاری کۆڵن چاپ و بڵاو دەکرێتەوە و وەزارەتی ڕۆشنبیری کوردستان لە هەولێرەوە و ناوەندی بەدرخان بەشداری پیشانگای کتێب لە فرانکفۆرتیان کردووە..
سەرجەم کتێبەکان بە زمانی کوردی(سۆرانی و کرمانجی) کە لە ئووروپا، ئەستانبووڵ، ئامێد(دیاربەکر)، هەولێر و سولەیمانی و دهۆک، چاپکراون و ڕێگەیان کەوتۆتە پیشانگای کتێبی فرانکفۆرت، ڕەنگە ڕەنگدانەوەی خوراکی مێشکی مرۆڤی کورد لە ساڵی ٢٠١١ و بەر لەو ساڵە بێ!
بوار و بابەتەکانی ناو ئەو کتێبانە بریتین لە مێژوو، شیعر و ڕۆمان و چیرۆک، بابەتی زمانەوانی و هێندێک لێکدانەوە و کتێبی سیاسی و چیرۆک بۆ منداڵان. لە ناو سەرجەم ئەو کتێبانەدا خەبەرێک لە جیهانی سەردەم و باس و خواسەکانی، زانست بە هەموو لقەکانییەوە، وەرزش، هونەر، فەرهەنگ و دەیان و سەدان بابەتی دیکە نییە.
لە وتووێژ لە گەڵ یەکێک لە بەرپرسانی یانەی Libri ئاڵمانی، دەڵێ : " زیاتر لە ٥ ملیۆن "تیتڵ" مان بۆ فرۆشتن هەیە. یانی KNV کە ناوەندەکەی لە شاری کۆڵنە، باس لە چوارو نیو ملیۆن" تیتڵ" دەکات، یانەی e Buch باس لە دوو ونیو ملیۆن ناوی کتێب دەکات، ئەو یانانەی کە کتێب و بەرهەمی مێدیای نوێ بۆ منداڵان بەزمانی ئاڵمانی بڵاو دەکەنەوە وەک Duden, Pons, Klet,Kosmos,dtv,Cornelsen باس لە هەزاران "تیتل"ی نوێ لە ساڵی ٢٠١١ دەکەن.
بەرپرسی یانەی هیوا باس لە چاپی هەشت کتێب بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ دەکات و بەو بۆنەوە دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێ و لە هەمان کاتدا، بە خەفەتەوە باس لە زۆربوون و تەشەنەی زمانی ترکی لە ناو کوردەکان لە دە ساڵی ڕابووردو دەکات، ئەو دەڵێ دە ساڵ لەوە پێش لە گوند و شارەکانی کوردستان زۆربەی خەڵک بە کوردی دەئاخاڤتن، ئێستا زۆربەیان بە ترکی دەپیون. ئەو دەڵێ، ساڵان کە ئازادی و کتێبی کوردی نەبوو، خەڵک حەولی فێربوونی زمانی کوردیان دەدا، ئەمڕۆ ڕاست بە پێچەوانەیە!
لە یانەی بەدرخان بە حەسرەتی تێکەڵ بە ژان و دەردەوە باس لە مردنی کتێب و نەبوونی خوێنەری کتێب دەکرێ، لە یانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری باس لە دەرد و زامی گەورەتر لە کتێب دەکرێ.
لە دوو ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەمە، لە بەشە ئاڵمانی و جیهانییەکەی پیشانگای کتێب دەیان و سەدان پرسیاری تازەم وڵام درایەوە و دەلاقەی نوێ لە مێشک و بیرمدا کرایەوە، لە بەشی کوردی کە ڕەنگدانەوەی وڵات و زێد و خەڵکی نیشتمان بوو، دەیان پرسیاری تازە بوونە سەرباری پرسیارەکانی پێشوو!
١٣ی ئۆکتۆبر ئاڵمان

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر