ئۆكتاڤیۆ پاز له ساڵی 1914 له شاری مه‌كزیكۆسیتی له خێزانێكی ئاوێته به خوێنی ئازته‌ك ی و ئیسپانیایی، چاوی به ژیان هه‌ڵێنا. باپیری پاز، حقووقدان و ژۆرنالسیت و یه‌كێك له لایه‌نگرانی دیكتاتۆری مه‌كزیك «پورفیریۆ دیاز» بوو، به‌ڵام باوكی هه‌واخوازی «ئیمیلیۆ زاپاتا» ڕێبه‌ری ئینقلابیی دێهقانان بوو. پاز هه‌ر له منداڵییه‌وه، ڕێگه‌ی خۆنه‌ویستی سیاسیبوونی بۆ ده‌كرێته‌وه، واته بنه‌مای بیری پێشكه‌وتنخوازانه‌ی ئۆكتاڤیۆی منداڵكاره، له‌و كاته‌وه شكڵ ده‌گرێ كه زاپاتا شۆڕشگێڕی مه‌زنی ئه‌مریكایی هاتوچۆی باوكی ده‌كرد.
هه‌ڵسوكه‌وتی شۆڕشگێڕانه‌ی باوكی پاز كه خۆی یه‌كێك له پێشمه‌رگه و لایه‌نگره‌كانی زاپاتا بوو، له لایه‌ك و بیر و ئاكاری ئازادیخوازانه‌ی ئامۆشۆكه‌ران له لایه‌كی دیكه‌وه، به شێوه‌یه‌كی وه‌ها به‌رچاو كارده‌كه‌نه سه‌ر دڵ و مێشكی ئۆكتاڤیۆی لاو كه ته‌نانه‌ت له ته‌مه‌نی گه‌وره‌ساڵیشدا ناتوانێ لێیان جیا ببێته‌وه و، له شێعر و نووسراوه‌كانیدا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه. پاشماوه‌ی كارتێكه‌ری ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه و كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌و بیر و ئاكارانه‌ی سه‌رده‌می منداڵیی، وای له پاز كرد كه له زۆربه‌ی ڕاپه‌ڕین و مانگرتنه‌كانی خوێندكاران‌دا، به‌شدار بێ و، ته‌نانه‌ت به‌وه‌ش هه‌ستی سه‌ركێش و دووڕه‌گه‌ییبوونی دانه‌مركا و، یه‌كڕاست به یارمه‌تی و ڕێنوێنیی «پابلۆ نێرۆدا»، خۆی هاویشته ناو جه‌رگه‌ی شه‌ڕوشووڕی ناوخۆیی ئیسپانیاوه. پاز له‌وێ ده‌گه‌ڵ زۆربه‌ی نووسه‌رانی چه‌پ وه‌ك «ئاندره مالرۆ» و «ئاندره ژید».. ناسیاوی په‌یدا كرد و له كۆنگره‌ی نووسه‌رانی دژی فاشیست به‌شدار بوو.
دوای ته‌واوبوونی كۆنگره، به لایه‌نگریی له به‌ره‌ی جه‌مهووریخوازه چه‌په‌كان، كه دژی ژه‌نڕاڵ فرانكۆ به‌شه‌ڕده‌هاتن له ئیسپانیادا مایه‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌دابوو كه پاز له‌گه‌ڵ ڕێبازی سووڕریالیسم ئاشنا ده‌بێ و له‌ته‌ك زۆربه‌ی شاعیر و نووسه‌ره به نێوبانگه‌كان وه‌ك: ڕابڕێت فراست، لوئیس سێرنوودا، خۆزه ئۆرتێگا، ویلیا‌م كارلۆس ویلیامز و ئوزرا پاوند كه هه‌ركام به نۆره‌ی خۆیان كاریان تێكردبوو، تێكه‌ڵاو ده‌بێ.
ئۆكتاڤیۆ پاز نه‌ته‌نیا وه‌ك شاعیر و ڕه‌خنه‌گر و وتارنووس نێوی ده‌ركرد، به‌ڵكوو به گه‌وره‌ترین ڕاوێژكاری سیاسیش ده‌ژمێردا. پاز ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له وڵاته‌كانی فه‌ڕانسه و ئیتالیا و ژاپۆن و هیند، باڵوێزی وڵاته‌كه‌ی خۆی واته مه‌كزیك بووه كه ئه‌وه خۆی ده‌رفه‌تێكی به‌نرخی بۆ ڕه‌خساند كه كولتووره جۆراوجۆره‌كانی ئه‌و وڵاتانه بناسێ و به‌تایبه‌ت له كولتوور و ئه‌ده‌ب و شێعری ڕۆژهه‌ڵات، نێزیك بێته‌وه و ته‌ئسیریان لێوه‌ربگرێ.
پاز له ساڵی 1933وه ڕووی كرده جیهانی شێعر و، له‌وساوه تا ئاخرین ساته‌كانی ژیانی، بێبڕانه‌وه هه‌وڵی به‌ره‌وپێشچوونی داوه. دیاره له‌و باره‌دا دوو هۆ، وه‌ك دوو ده‌رفه‌تی سه‌ره‌كی له ژیانی ئه‌ده‌بی و شێعریی پازدا ده‌وریان بینیوه: یه‌كیان؛ ئه‌وه‌یكه پاز به هه‌وڵ و یارمه‌تی شاعیری شه‌هید «پابلۆ نێرۆدا»، ڕه‌وانه‌ی ئیسپانیا ده‌كرێ و، له‌وێ ده‌گه‌ڵ سووڕریالیسته‌كان ده‌كه‌وێ كه له كاتی مانه‌وه‌ی له فه‌ڕانسه و ئیتالیادا، زۆربه‌ی ڕێباز و شێوازه شێعرییه‌كانی سه‌رده‌م تاقیده‌كاته‌وه. دووهه‌میان؛ ناسین و تاقیكردنه‌وه و نێزیكبوونه‌وه له كولتوور و شێعر و ئه‌ده‌بی ڕۆژهه‌ڵات بوو، هه‌روه‌ك خۆیشی نه‌یده‌شارده‌وه كه ئه‌و ماوه‌یه‌ی له ژاپۆن و هیند باڵوێزی وڵاته‌كه‌ی بووه، سه‌ره‌ڕای كاری سیاسی، به‌نرخترین ئه‌زموونی ئه‌ده‌بی له‌و باره‌وه پاشكه‌وت كردووه.
ده‌كرێ بڵێین پاز تێكه‌ڵاوێك بوو له «خوێنی ئیسپانیایی، شاڕه‌گی ئازته‌كی، مێشكی مه‌كزیكی و دڵی ڕۆژهه‌ڵاتیی» كه ئه‌وانه هه‌مووی له سه‌ریه‌ك جه‌سته‌ی زیندووی شێعری پازیان پێكهێناوه.
پاز له ساڵی 1962 تا 1968 كه له هیند باڵوێز بوو، به بیستنی هه‌واڵی ڕاپه‌ڕین و مانگرتنی خوێندكاران له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئوله‌مپیكی 1968 و سه‌ركوتكردنیان له لایه‌ن ڕێژیمی مه‌کزیکه‌وه، بۆ هه‌میشه له كاره‌كه‌ی ده‌ستی كێشایه‌وه. پاز له‌و ساڵه‌وه گه‌ڕایه‌وه وڵات و وێڕای له‌قاودانی ڕێژیم، ڕایگه‌یاند كه ئیتر ناتوانێ نوێنه‌ری سیاسی ده‌وڵه‌تێكی گه‌نده‌ڵ و خوێن‌ڕێژ بێ.
پاز له پاش ئه‌و ڕووداوه، به یه‌كجاری له دنیای سیاسه‌ت دابڕا و زیاتر خۆی به مێژووی مه‌كزیك و كاری شێعر و ده‌ركردنی گۆڤاره‌وه خه‌ریك كرد. پاز ئه‌گه‌رچی زۆرجار ده‌یگوت ماركسیزمی قه‌بوڵ نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆی به دژی چه‌پ نه‌ده‌زانی و زیاتر خۆی به سۆسیال دیمۆكرات له قه‌ڵه‌م ده‌دا.
پاز تا دوا پشووی ژیانی سه‌رنووسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڤاری (Vuelta) بوو. ئه‌و گۆڤاره كه له ساڵی 1976وه له‌لایه‌ن خۆیه‌وه دامه‌زرابوو، یه‌كێك له گرینگ‌ترین و به‌نرخترین گۆڤاره ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌مریكای لاتین ده‌ژمێردرێ.
ڕاسته پاز له ژیاندا نه‌ماوه، به‌ڵام نێو و یادگاری وی، وه‌ك:
«شۆڕه‌بییه‌ك له بلوور،
سپیدارێك له ئاو،
تاڤگه‌یه‌ك كه با لوولی ده‌دا،
دارێكی سه‌ماكه‌ری ڕیشه‌داكوتراو،
ڕه‌وتی چۆمێك كه باده‌داته‌وه، ده‌خوشێ،
به سه‌ر خۆیدا ده‌چه‌مێته‌وه،
ده‌ورلێده‌دا و هه‌میشه له ڕێدایه..»• ده‌گه‌ڵ ئوستووره و نێوی مه‌كزیك ئاوێته‌بووه و ده‌مێنێته‌وه.
ئۆكتاڤیۆ پاز شاعیر و نووسه‌ری نێوداری هاوچه‌رخ، وه‌رگری خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی نۆبێلی ساڵی 1990، ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌مۆ له ته‌مه‌نی 84 ساڵیدا، به هۆی سه‌كته‌ی دڵ، له ژیان و جیهانی شێعر و ئه‌ده‌ب بۆ هه‌میشه ماڵئاوایی ده‌کا.
س. چ. هێرش
• بڕگه‌یه‌ك له شێعری «به‌ردی هه‌تاو»ی ئۆكتاڤیۆ پاز.
سه‌رچاوه: گۆڤاری گزینگ، ژماره20، هاوینی 1998(1377) ــ به بۆنه‌ی كۆچی دوایی ئۆكتاڤیۆ پاز.
--------
جه‌سته‌ی زیندووی شێعر
• گفتوگۆیه‌ك سه‌باره‌ت به شێعر و شاعیری ده‌گه‌ڵ ئۆكتاڤیۆ پاز(1914-1998)
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر